سه‌ردان
که زه‌رده‌ی خۆرنشینی دووبراڵه‌ی ووڵاتم،
کۆچ ئه‌کات و
له ''مه‌لاجامی و مه‌لاخدری ڕواری "ماڵ ئاوایی ئه‌کات
به‌ماندووبوون و هه‌نسکه هه‌نسکی شه‌ماڵه‌وه و
له‌گه‌ل ماچی گابه‌ردی قه‌ڵوه‌زه‌ی "سیروان" یه‌ک ئه‌بن
ئی دی من داستانێک بووم....
له‌سه‌ربه‌رماڵی نوێژی
حه‌زره‌تی"خدر و جامی"
له‌ئێواره پاییزێکدا رێکه‌وتم
له‌سه‌ر ڕێگه‌م گوڵه گه‌لاوێژی
هه‌واره‌که‌ی "مه‌لاخدر"
له‌ناو دوو به‌ردی سپی که‌تۆزێک باران ته‌ڕی کردبوون
تمیشایان ئه‌کردم
پێم وابوو نایان ئه‌ناسیمه‌وه،
هیله هیلیان ئه‌هات
وه‌کوو بڵێی چاوه‌ڕوانی مێوانێکیان بوون
له بری خۆیانه‌وه قسه‌یان ئه‌کرد
که‌س تێ نه‌ئه‌گه‌یێشت!
که‌دوور که‌وتمه‌وه
هه‌روا به‌رده‌وام........
منیش به‌توندی دوورکه‌وتمه‌وه
ته‌نیا مۆره‌مۆر! و هیله‌هیلیان به‌سووکی به‌گوێم ئه‌که‌وت
زه‌رده هێدی هێدی له‌چاوی ماندووم ون ئه‌بوو
داربه‌ڕووکان به‌مێزه‌ره‌ی شینه‌وه له‌قاپه‌کی ڕه‌ش دا
له کۆڵه‌که‌ی نێوهه‌یوانی دیواخان ئه‌چوو
ته‌نانه‌ت مه‌رگیش
له‌سه‌ر ڕێگه‌ی که داگیرکه‌ران دایان نابوو!!
پاڵداوێنی کراسه‌کانیان گرتبوو،
دایان نه‌ئه‌چڵه‌کاند،
ده‌وه‌ن به ده‌وه‌ن،سێبه‌ره‌کان به‌جل و به‌رگی ره‌شه‌وه
به‌دووی زه‌رده‌دا سه‌رئه‌که‌تن
له‌وئێواره‌دا......
خرپه‌خرپی،خڕی رێگه‌ی داستانم
به‌رده‌وام له‌گه‌ل چریکه‌ی چۆله‌که پاساری
تێکه‌ڵ بووبوو
هیچکامێکیان له یه‌ک تێ نه‌ئه‌گه‌یێشتن!
و
له‌یه‌ک سڵیان نه‌ئه‌کرد
له ناکاو "خڕه‌ک" له‌نێو ئه‌و هه‌موو حه‌له‌لایه
ده‌رباز بوو و خۆی فرێدایه باوه‌شی
به‌ردێکی خڕپۆڵه‌ی چه‌ناکه درێژ!
به‌هاوارێک و هه‌ناسێکی کورت گیرسایه‌وه و وتی:
ئای چه‌نده شه‌قی ئه‌م ئینسانه ره‌زاگرانه و سه‌رله شێواوه
و
سمی ئاژه‌ڵی گه‌ڕۆڵ
و
سمی ئه‌سپی سمت قوپاوم، لێکه‌وتوه!
ئه‌مانه......ژوماره‌یان نایێت
هه‌تا بڵێی سه‌رم شکاوه و.... لاقم هه‌وی هێناوه،
ته‌نانه‌ت جاربه‌جاریش له نوێژشیان ئه‌بردم!!
و
نه‌م ئه‌توانی له‌سه‌ر "به‌رماڵه‌که‌م" تاوێک چۆک به‌م
ئاخر من له‌وسه‌ری سه‌ره‌وه بووم
له‌گه‌ل تۆپه‌ڵه‌به‌فره‌کی نازدار و سپیکه‌له
به‌ده‌می قسه‌وه ڕێکه‌وتم و
که‌سه‌رم به‌رزکرده‌وه و داچڵه‌کام،
تۆپه‌ڵه به‌فر نه‌مابوو
له‌گه‌ل بایێکی ماندوو که‌له ڕێگه‌ی دووره‌وه هاتبوو،
به‌دووی دا گه‌ڕام
هاوارم لێ کرد،وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه
پێم وابوو که‌ڕبووبوو!!
نه‌مزانی،له‌نێو چ درزێکی هه‌ڵقڵێشاوی لاشه‌ی به‌ردێکی پیری ڕووش!
که له‌سه‌ریان بۆ وچانێک دائه‌نشی
داوای ئاوت لێئه‌که‌ن ، ته‌نیا دڵۆپێک ...دڵۆپ،
زم و هاوین توونیانه، توونی!
ئه‌و تۆپه‌ڵه به‌سته‌زمانه!
نقوم بوو بوو
ئاخۆ،زۆر له‌وانه‌م دیوه.... ئێوه‌یش ئه‌وه‌تانه دیوه
که به وردی بۆیان ئه‌ڕوانی،
خێوه‌خوانێکیش! له‌سه‌ر سینگی خۆیدا...
که له "قلیچکه‌سڵاوی"لای لووت ئوچێ
چاندوه
پێمه‌که‌نن... ڕاست ئه‌که‌م
خۆمن درۆزن نیم!!
ئه‌زانی ئه خێوه‌خوانه کێ یه؟!!
"قومامه‌یه‌کی" ڕه‌قه‌ڵه‌ی باڵابه‌رز.
"به‌رده"که‌یش گوتی: ئه‌و ڕه‌قه‌ڵه له‌بنه‌وه
تۆزێک ئاو و که‌مه‌کیش شه‌وچه‌ره‌ی شاردوه‌ته‌وه!
****
شه‌وم به‌سه‌ردا هات
ڕێگاکه‌م لێ ون مه‌که‌ن
با له‌م ڕێگا لا نه‌ده‌م،هه‌رچه‌نده ئه‌زانم
شه‌وم به‌سه‌ردا بێت..
رێگاکه ئه‌ناسم،
ڕێگاکه‌یش نه‌ناسم ...ده‌سم ئه‌گرن
ئه‌زانی کێ؟!
داربه‌ڕووکان..هه‌ناره‌کان..
ته‌نانه‌ت گه‌ڵاکانیش!! پێم ئه‌ڵێن
لێره‌وه بڕۆ ..له‌وێوه بڕۆ ،
ئاخۆ ده‌مێکه ،له‌م ڕێگایه‌م نه‌دبوو
له‌ناکاو ..داچڵه‌کام..
هابراڵه: بۆکوێ؟
په‌ی کۆی؟
ئه‌وه قسه‌ی دارهه‌نارێک بوو
که وه‌کوو تاجی سه‌ری کچه شازێک
له‌دووره‌وه .. و.. له‌سه‌ری سه‌ره‌وه
"ڤله‌هه‌ناره"که‌ی پێئه‌که‌نی
نه‌می ئه‌ناسی،
ئێوه دیوتانه و به‌سه‌رتان هاتوه
مناڵه خێوه‌خوانێک!ناسک
به‌ڕێبوارێک پێ بکه‌نێ!
له‌مێژه‌وه له‌م ووڵاته بێ ئازاره و سه‌ربه‌رزه،
له‌م ووڵاته ناسک خه‌یاڵه،
دوورکه‌وتبوومه‌وه.
به‌شه‌رمه‌وه،سه‌رم به‌رز کرده‌وه.
ئه‌زانن بۆ؟ هیچم پێ نه‌بوو، هیچ!!
ته‌نیا وتم:
بێ به‌ڵابی ... بێ به‌ڵا
***
له‌مێژه‌وه گوێم گرتوه بۆ خه‌مه‌کانتان
فرمێسکه‌کانم تاساون،تاساو..
چاوه‌کانم خنکاون ،
ده‌سته‌کانم سهۆڵبه‌ندانیانه.
به‌ڵام هه‌ڤاڵان تکایه گوێم بۆبگرن،گوێ!!
له‌م هه‌موو ئازاره بێزار نه‌بووم
تاسه‌ی عه‌شقم له‌دایک بوه‌وه و
بۆنی حوجره‌ی کۆچ کردووم،
بووبه ئاوژینی هه‌ناسه‌ی په‌ک که‌وتووم،
له‌م وه‌رزه‌دا...
به‌ماچی باران، عه‌شقی تازه‌م له‌دایک ئه‌بێت
وشه‌یه‌کم سه‌دان"ترپه" دائه‌چڵه‌کێنێ
ده‌یان فرمێسک دائه‌به‌زێنێ و دایان ئازار ساڕ‌ێژ ئه‌کات
له‌م ووڵاته سه‌ربه‌رزه و ناسک خه‌یاڵه،
ووشه‌یه‌ک به‌رزتر له‌قه‌ڵه‌م!
پاکتر له ده‌فته‌ره‌که‌ی "ئاوێستا"
ته‌نیا.. ووشه‌یه‌ک.. نا..نا
"ووڵاته‌ک"
چاوم پێ ئه‌به‌خشێ و... گڕم پێ ئه‌دا
کوردستانه...هه‌ورامانه... ووڵاته‌که‌ی "مه‌لاخدره...
"مه‌لاخدر"
*******************************
بورهان هه‌ورامی
6نوامبری 2007
کوردستان/مه‌ریوان/ڕوار
